له دووه‌مین رۆژی پێنجه‌مین دیداری سلێمانی كه له زانكۆی ئه‌مریكی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆكی ئەنجومەنی وەزیران وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێمدا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە ساڵی رابردوو روئیای حکومەت بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و بەرەنگاربوونەوەی تەحەداکان و چۆنیەتی دەستپێکردن بە چاکسازی ریشەیی و باشتر ئیدارەدانی داهاتەکان خرایە ڕوو، چۆن بتوانین کوردستان بخەینەوە سەر رێچکەیەکی دروست، ئەوەشی خستەڕوو ئەمساڵ هەندێک لەو چاکسازیانەی پارساڵ دەستیان پێکردووە، هەندێک لەو چاکسازیانەی خەڵک باوەڕیان نەبوو کە بتوانین دەستی بۆ ببەین، نەک هەر دەستمان بۆی بردووە، بەڵکو خەریکە بەرهەمیان دەبێت.
جێگری سه‌رۆكی ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە له كۆتایی ساڵی 2014 دا كورتهێنانی بودجه‌ی هه‌رێم له حه‌وت ملیار دۆلار زیاتر بووه، به‌ڵام له 2016 كورتهێنان بۆ یه‌ك ملیار دۆلار كه‌م بۆتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد حكومەت دەستی بۆ مەلەفێک بردووە، کە کەم کەس بڕوای دەکرد دەستی بۆ ببردرێت، ئەویش بەدواداچوون بوو بۆ فەرمانبەرانی بندیوار، دوو مووچە، مووچە نایاساییەکان و مووچەخۆرە وەهمییەکانمان، پارساڵ ئاماژەمان بەودا کە دەستدەکەین و پرۆسەیەکی تۆمارکردنی یەکە بەیەکەی مووچەخۆرەکانی هەرێمی کوردستان لە سیستەمێکی بایۆمەتری ناوەندی ئەنجام درا.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار کردووە لەو سیستەمە قوباد تاڵەبانی ئاشكرای كرد %90 ی مووچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی ناویان له سیستەمی بایۆمه‌تری مووچه‌دا تۆماركردوه‌و واتا 998 هه‌زار و 901 كه‌س ، ئەوەشی خستەڕوو مەبەستی حكومەت له به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وه‌یه مووچە بە شێوەیەكی ڕێك و پێك دابەش بكرێت ، ئاماژەی بەوەش كرد کە چاكسازیه‌كانی حکومەت جددین و ته‌نها به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردن نین.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی زیاد کردنی داهاتی کوردستان دووپاتیكردەوە حكومەت بڕیاری داوە سەرچاوەکانی داهات زیاد بكات و رێکخستنەوەی سیستەمی باج لە هەرێمی کوردستانیش یەکێک بووە لە ئەولەویەتەکانی حكومەت بە ڕەچاوكردنی ئەوەی هیچ سیاسەتێک پەیڕەو نەكرێت، کە زیان لە خەڵکی کەم دەرامەت و کۆمپانیا بچووکەکان بدرێت.
رونیشیكرده‌وه، هێشتا ماوه به‌دیلێك بۆ نه‌وت بدۆزینه‌وه و هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و گومانانه‌ی له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و گاز هه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌شتوانین نەیهێڵین كه‌میان بكه‌ینه‌وه.
له‌باره‌ی كێشه‌ی كاره‌باشه‌وه قوباد تاڵه‌بانی بەئاشكرا رایگەیاند هیچ کوردێک لەو کوردستانە رازی نییە بە ئاستی خزمەتگوزاری کارەبا، بۆیە لەگەڵ تیمێکی پسپۆڕ لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کاردەکەین بۆ نوێکردنەوەی کەرتی کارەبامان بە گشتی، هەرێمی کوردستان کێشەی لە بەرهەمهێنانی کارەبا نییە، بەڵکو کێشەی لە گواستنەوە و دابەشکردن کارەبا هەیە، کێشەش لە کۆکردنەوەی داهاتی کارەبادا هەیە.