حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 16 APR 2024 09:45 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ میر تەحسین بەگ و شاندێكی ئێزدییان كۆدەبێتەوە

MON, 13 MAR 2017 17:23 | KRG Cabinet

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13-3-2017 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە دهۆك لەگەڵ شاندێكی ئێزدییان بە سەرۆكایەتیی میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان و ئامادەبوونی بەڕێزان بابەشێخ و ئەندامانی ئەنجومەنی ڕووحانی و ڕۆشنبیران و پیاوماقوڵان و سەرۆك هۆزەكانی ئێزدی لە شەنگال و ناوچەكانی دیكەی ئێزدییان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵ و تواناكانی بەردەوامە بۆ بەجینۆساید ناساندنی كارەساتی شەنگال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی لیژنەی باڵای تایبەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو بابەتە كرد و جەختی كردەوە كە حكوومەتی هەرێم هەرچی لەدەستی بێت بۆ سەركەوتنی ئەو دۆسیەیە و ناساندنی كەیسی شەنگال وەك جینۆساید، هیچ درێخییەك ناكات. جەختی لەوەش كردەوە كە هەوڵ و تەقەڵاكانی ئازادكردنی خوشك و دایكانی ئێزدی ئەوانەی هێشتا لەدەستی داعشدا ماون بەردەوامە و هەموو توانایەك دەخەنەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەیان.

باسی لەوەش كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە لە نزیكترین كاتدا دەست بە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال بكات، بەڵام بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكەدا بۆتە كیێشەیەك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانێت وەكو پێویست كارێكی جددی لەسەر ئەم پرسە بكات. دووپاتیشی كردەوە كە لەكاتی ڕزگاركردنی كۆبانێدا چۆن پێشمەرگە بەشداری كرد و دوای تەواوبوونی ئەركەكەیان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، هەمان چاوەڕوانییان لە پەكەكە هەیە و هیوای خواست پەكەكە لە هەستاری و ئاڵۆزیی بارودۆخەكە تێبگات و ئاقڵانە لەگەڵ ئەم دۆسیایە مامەڵە بكات، هەروەها ئاشكرای كرد هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك نایەوێت و خوازیاری دروستبوونی شەڕ و ناكۆكی نییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەكیش خۆسەپاندنی بەزۆری هیچ هێزێك لەڕێگەی هێزەوە قبووڵ ناكات.

پاشان لە وتەیەكدا بەڕێز میری ئێزدییان و ئەندامانی شاندەكەیان وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسیان بۆ ئەم دیدارە، سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان كرد لە هەوڵە بەردەوامەكانی بەتایبەتی لە كەیسی ئازادكردنی ئەو ئافرەتە ئێزدیانەی هێشتا لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون و دەستخۆشیی كۆمەڵگەی ئێزدییانی پێشكەش بە بەڕێزیان كرد، هەروەها داوایان كرد لە پرسی ناساندنی كەیسی شەنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكاندا هات وەك جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵ و تەقەڵاكانی بەردەوام بێت و بە زووترین كات پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچەكە دەستپێبكات.

لە كۆتاییی دیدارەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەسەر پێكەوەژیان و لێبووردەیی و گرنگیی پاراستنی ئایینی ئێزدی لەسەر خاكی كوردستان كردەوە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە خوشك و برایانی ئێزدی و ئایینی ئێزدی لەسەر زێد و خاكی خۆیان لە هەرێمی كوردستان دەپارێزرێن نەك لە دەرەوە و داوای كرد ئێزدییەكان شوێنەكانی خۆیان جێنەهێڵن و بەردەوام بن لە پاراستنی ئایین و كلتوور و دابونەریتی خۆیان و وەك هەمیشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خۆیشی وەك سەرۆك وەزیران بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە پاراستنی ئایین و كلتوور و دابونەریتیان دەكات، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاراستنی ئەو پێكەوەژیان و فرەڕەنگیی ئایینی و نەتەوەییە جوانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بە ئەركی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لێ دەكات.

لای خۆیانەوە بەڕێز میر تەحسین بەگ میری ئێزدیان و شاندی یاوەری، ڕایانگەیاند كە سبەی لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئێزدیان كۆدەبنەوە و لە نزیكەوە داواكارییەكانییان لە هەموو ڕووێكەوە بە شێوەیەكی فەرمی و نووسراو پێشكەش بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.