پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 17/4/2017 به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ساز دا.
سه‌ره‌تا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان و ڕێزگرتن، یادى شه‌هیدانى شێخوه‌سانان و بالیسانیان كرده‌وه كه كۆتاییى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو له‌لایه‌ن ڕ‌ژێمى به‌عسه‌وه كیمیاباران كران و بێجگه له شه‌هیدبوونى سه‌دان هاووڵاتى و به‌ركه‌وتنى هه‌زارانى دیكه، ژینگه‌ى ناوچه‌كه‌ش زیانێكى زۆرى به‌ركه‌وت و كه‌وته ژێر كاریگه‌ریه‌كى خراپى درێژخانه‌وه.
ئینجا به‌پێى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له چوارچێوه‌ى نه‌خشه‌ڕێگاى چاكسازى و نوێبوونه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى و كه‌رتى داراییى گشتیدا، پێشنیارى دامه‌زراندنى یه‌كه‌یه‌كى به ناوى (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنى قه‌رزى گشتى و پابه‌نده داراییه‌كانى هه‌رێم) په‌سه‌ند كرد، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى ڕێكخستنه‌وه و به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و قه‌رزه گشتییانه‌ى له ئه‌ستۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندان، له‌گه‌ڵ پابه‌نده داراییه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك شایسته‌ى داراییى به‌ڵێنده‌ران و كۆمپانیاكان، قه‌رزى بانكه‌كان و پاره‌كانى پێشه‌كیى فرۆشى نه‌وت، به جۆرێك كه به ڕێكوپێكى تۆمار بكرێن و پلانى به‌ڕێوه‌بردن و ڕێكخستنیان دابنرێت.
له بڕگه‌ى دووه‌مى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕێنماییى جێبه‌جێكردنى یاساى ژماره 12ى ساڵى 2012ى تایبه‌ت به تهملیككردنى خانووه نیشتهجێییهكانى حه‌ره‌مى گونده‌كانى له سنوورى نه‌خشه‌ى په‌سه‌ندكراوى شاره‌كان تاوتوێ كرد و له‌ڕووى مه‌بده‌ئییه‌وه په‌سه‌ند كرا، به مه‌رجێك ته‌نها ئه‌و حاڵه‌تانه بگرێته‌وه كه به‌پێى یاسا و ڕینماییه‌كان مه‌رجى پێویستى یاسایی‌یان تێدایه، تا كه‌س نه‌توانێت به شێوه‌یه‌كى نایاسایى لێى سوودمه‌ند بێت.
له دوا بڕگه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدولڕه‌حیم وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى ده‌سته‌ى چاككردن و پاراستنى ژینگه، ڕ‌اپۆرتێكى ده‌رباره‌ى ژینگه له هه‌رێمى كوردستان و چالاكییه‌كانى ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى بۆ به‌رزڕاگرتنى ڕۆژى پاراستنى ژینگه پێشكه‌ش كرد. تیایدا باسى له كێشه و گرفته‌كانى ژینگه و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و چاره‌سه‌ركردنیان كرد و چه‌ند پیشنیارێكى خسته ڕوو. له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، وێڕاى ده‌ستخۆشى، بڕیارى دا لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌ته په‌یوه‌نداره‌كان پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى له پێنشارهكان بكۆڵنه‌وه و ئه‌وانه‌ى كه ده‌كرێ جێبه‌جێ بكرێن، بڕیاریان له‌سه‌ر بدرێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستخۆشى له به‌ڕێزیان كرد و پشتیوانیى خۆى و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى بۆ ده‌سته‌ى چاككردن و پاراستنى ژینگه ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه بۆ ژینگه‌پارێزى، ده‌بێ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده له بنه‌ڕه‌ته‌وه كار له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردن و پێشخستنى كه‌لتوورى ژینگه‌پارێزى بكات، ڕاگه‌یاندنیش به‌رده‌وام له‌مباره‌یه‌وه هاوكار بێت، بۆ وشیاركردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان له‌سه‌ر گرنگیى پاراستنى ژینگه.