حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 15:57 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی بۆ یەکێتیی ئەوروپا: پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شەڕی داعش بکرێتەوە

TUE, 13 JUN 2017 20:40 | KRG Cabinet


لە میانەی سەردانەکەی بۆ بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، ئەمڕۆ 2017/6/13 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک کۆبونەوەی ئەنجامدا بەمەبەستی خستنە ڕووی ڕەوشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دوا گۆڕانکاریە سیاسی و سەربازیەکانی پەیوەست بە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی.


لە کۆبونەوەی یەکەمیدا،کە لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەکێتیی ئەوروپا ئەنجامی دا، بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستان بن بەتایبەت لەم کاتەدا کە هێشتا ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە هەرێمی کوردستانن و پێویستە حکومەت ژیانیان بۆ دابین بکات تا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.


هەروەها ئەماژەی بەوەدا کە هێزەکانی پێشمەرگە شەڕێکی قورسیان لەماوەی ڕابردوو و ئێستاش دژ بە داعش کردووە و دەیکەن تا ئەو کاتەی کۆتا چەکداریان لە خاکی عێراق نامێنێت،  چونکە وەک هەموو لایەک دەزانن داعش مەترسیە بۆ هەموو جیهان نەک هەر بۆ عێراق و کوردستان و سوریا و دەبێت لەناو ببرێت.


جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە بیر لە قۆناغی دوای داعش بکرێتەوە، چونکە ئەو گروپە تیرۆریستیە لە کۆتاییەکەیەتی لەڕووی سەربازیەوە، بۆیە دەبێت لەڕووی سیاسیەوە و کۆمەڵایەتیەوە هاوسەنگیەک ڕابگیرێت بۆ ئەوەی ئاسەواریان لەو ناوچانەی داگیر کرابوون نەمێنێت ولەمەترسی دووبار درووستبونەوەی گرووپی توندڕەوی لەوجۆرە نەمێنێت.


لەبارەی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوە کرد کە جوگرافیای هەرێی كوردستان و چواردەوی بەردەوام لە کێشەی سیاسیدایە، هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویە بۆیە دەبێت لایەنە سیاسیەکان زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاریەکان لە  بەرژەوەندی میللەتدا بێت.


قوباد تاڵەبانی باسیشی لە کۆی ئەو چاکسازیانە کرد کە حکومەتی هەرێم لەکەرتە جیاجیاکان ئەنجامی داوون و سوپاسی گەلی كوردستانی كرد کە بەرگەی هەموو ئەو قەیرانانەی گرتووە و بەگرنگیەوە دەڕواننە حکومەتەکەیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیەکان، وحكومەت قۆناغی زۆر باشی لەو ڕووەوە بڕیوە و چاوەڕوانی دەرئەنجامە باشتر و گرنگترە.


پیێر ئیمیلهات بەرپرسی لیژنەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەکێتیی ئەوروپا، سوپاسی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردی کرد کە لەجیاتی وڵاتانی جیهان لە ڕووی سەربازیەوە شەڕی داعشیان کردووەو ئاوارەیەکی زۆریشیان لەخۆ گرتووە، جەختیشی کردەوە کە وڵاتانی ئەوروپا زۆر بەگرنگیەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی دەبن لە هەموو ڕوویەکەوە بەتایبەت لە پرسی چاکسازیەکان.هەر لە میانەی ئەو سەردانەیدا، جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ جێگری بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوەوە.


لە کۆبونەوەکەدا باس لە گرنگی پتەوە کردنی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرا. هەروەها بە وردی باسی لەو چاکسازیانەی حکومەتی هەرێمی کرد و وتی  چاکسازیەکانمان تەنها بۆ دەرباز بوون لە قەیران نین، بەڵکو بۆ بنیاتنانی حکومڕانیەکی درووست بۆ هەرێمی کوردستان کە جارێکی دیكە توشی شۆک نەبێت لە ئاست هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە ئارادا بێت.


دواتر جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا و باڵێۆزخانەی عێراق لە بەلجیکا کرد و لەوێش باسی لە ڕەوشی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی بۆ کردن و هەنگاوە گرنگەکانی دوای شەڕی داعش و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەش.