حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 22:08 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کۆبوەوە

THU, 15 JUN 2017 21:34 | KRG Cabinet


لە میانەی سەردانەکەی بۆ هۆڵەندا، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2017/6/15 بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ئەمستەردام، لەگەڵ بێرت کۆیندەرس وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کۆبویەوە.


لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لە ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش و هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم کرد، هەروەها چۆنیەتی پتەو کردنی پەیوەندیەکانی نێوان کوردستان و هۆڵەندا تەوەرێکی دیكەی کۆبونەوەکە بوون.


سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: هەوڵێکی زۆر باش دراوە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسیەکان بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، وتیشی  ئەگەر ئیرادە هەبێت هەموو گرفتەکان قابیلی چارەسەرن.


لەبارەی شەڕی داعش، ئاماژەی بەوە دا کە زۆری نەماوە بەتەواوەتی ئەو گروپە تاریک پەرستە کۆتاییان پێ بێت، ئەوەشی دووپات كردەوە ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو بیرە تەسک و توندڕەوەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو چاندویانە و ئەوەش شەڕی فیکری و سیاسی دەوێت بۆ لەناو بردنی، ئەوەش بە هاوکاری هەموو لایەک دەبێت.

 


وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا زۆر مەبەستی بوو لە هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم و گەیشتنیان بە چی بپرسێت بۆیە جێگری سەرۆک وەزیران لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی چاکسازی حکومەت بەوردی وئەو ئەمانجە هەمەلایەنەیە کە لە ڕێی ئەو چاکسازیانە بەدی دەهێنرێن و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئێستا بناغەیەکی پتەومان بنیات ناوە و قۆناغە قورسەکانمان تێپەڕاندوە و دەرئەنجامی چاکسازیەکانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدی دەکرێن هاوكات ستایشی حکومەت و گەلی هۆڵەندای کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ گەلی کورد.


لای خۆیەوە وەزیرە دەرەوەی هۆڵندا سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و دووپاتیشی كردەوە  وڵاتەكەی بەگرنگیەوە دەڕوانێتە گەلی کورد و بەدۆستی خۆمانی دەزانین، مەبەستیشیەتی ئاشتی لەو ناوچەیە بەرقەرار بێت، و بەدڵنیایەوە هەموو کات هاوکار و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان دەبن .