حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 07:31 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: بۆ زاڵ بوون بەسەر گرفتەکان پێویستە تەبایی هەبێت

TUE, 20 JUN 2017 21:09 | KRG Cabinet


ئێوارەی ئەمڕۆ 2017/6/20 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە هەولێر، پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یان کۆبیش كرد.

 

لە کۆبونەوەکەدا، باس لە پرسی ڕیفراندۆم و ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی پتەو کردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستان کرا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كرد کورد وەک هەموو نەتەوەکانی تری جیهان مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، و دووپاتی كردەوە  شۆڕشەکانی گەلی کورد هەموویان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانمان بووە و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانمان نابین و مافی هیچ کەس و نەتەوەیەک پێشێل ناکەین.


سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی نیشان دا  تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەکان وپەنا بردنە بەر گفتوگۆ، بەتایبەت لەم ڕەوشە هەنوکەییە، پێویستە بۆ زاڵ بوون بەسەر گرفتەکان و بەدی هێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان.


هەروەها قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە بەرنامەی چاکسازیەکانی تا ئەو کاتەی کێشە ئیداری و داراییەکان چارەسەر دەبن و سیاسەتێکی حکومڕانی درووست بنیات دەنێن.


جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد لە پای هەڵوێستەکانیان بەرامبەر کورد و داوای لێ کردن زیاتر هاوکار و هەماهەنگ بن.
لای خۆیەوە یان کۆبیش نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، باسی لە گرنگی یەکدەنگی و تەبایی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ئەوەشی خستە روو  هیچ گرفتێکی سیاسی نیە، چارەسەری نەبێت لە ڕێی دیالۆکەوە، هیوادارین هەر ناکۆکیەک هەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بێت و کۆدەنگی و یەکدەنگی درووست بکرێت لە نێوان لایەنە سیاسیەکان.