حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 12:10 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی ئازادكرنی مووسڵه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ عه‌بادی ده‌كات

TUE, 11 JUL 2017 16:15 | KRG Cabinet

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ئازادكرنی مووسڵ له‌ ده‌ستی تیرۆرستانی داعش، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد. تیایدا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌و سه‌ركه‌وتنه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ كاری جددی له‌ داهاتوودا كرده‌وه‌ بۆ ڕیشه‌كێشكردنی بیری توندڕه‌وی و نه‌هێشتنی زه‌مینه‌ی گه‌شه‌و و سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر له‌ عیراقدا، ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی پرۆسه‌یه‌كی سیاسی ته‌ندروست و به‌شدارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان.

ده‌قی په‌یامی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران‌:

جه‌نابى د. حه‌یده‌ر عه‌بادى،
سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كان.

سڵاو و ڕێز..
به‌ گه‌رمى پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى ڕزگاركردنى مووسڵ له‌ به‌ڕێزتان، هێزه‌كانى سوپاى عیراق و حه‌شدى شه‌عبى، ته‌واوى عیراقییه‌كان به‌گشتى و خه‌ڵكى مووسڵ و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان به‌تایبه‌تى ده‌كه‌م.  هیوادارم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ و ڕزگاركردنى مووسڵ ببێته‌ ده‌سپێكى قۆناغێكى تازه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاشتى و ئارامى بۆ خه‌ڵكى مووسڵ و ته‌واوى عیراق.

بێگومان ده‌ركردن و شكستى سه‌ربازیى تیرۆرستان له‌ مووسڵ و ئازادكردنى كه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیى لێهاتووانه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتیى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابتان ئه‌نجام درا سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناغى داهاتوودا كارى جددى بۆ ئه‌وه‌ بكرێت بیرى داعش و ئه‌و هۆكارانه‌ى‌ بوونه‌ته‌ هۆى دروستبوونى داعش له‌ ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌نرێن و زه‌مینه‌ى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر نه‌هێڵدرێت، ئه‌وه‌ش به‌ هاتنه‌كایه‌ى پرۆسه‌یه‌كى سیاسیى ته‌ندروست كه‌ ته‌واوى پێكهاته‌كانى عیراق بگرێته‌ خۆى، هه‌موان تیایدا هاوبه‌شى ڕاسته‌قینه‌ بن و به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.

كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراق له‌ ده‌سپێكى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى ڕزگاركردنى مووسڵ و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌ریدا، ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ ده‌كرێت بكرێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌كانى دیكه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عیراق و مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان دابین بكات.

دووباره‌ پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتن له‌ جه‌نابتان و ته‌واوى عیراقییه‌كان ده‌كه‌م.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
11/7/2017