حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 21:25 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و ڕامۆن بلێكوا به‌كارهێنانی بنه‌ماكای دیالۆگ و گفتوگۆ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

MON, 9 OCT 2017 16:51 | KRG Cabinet


پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9/10/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ڕامۆن بلێكوا باڵیۆزی نوێی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز بلێكوا خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عیراق ده‌ربڕی به‌تایبه‌تی كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، هه‌روه‌ها خوازیار بوو دیالۆگێكی جددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ چاودێریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان ئه‌نجام بدرێت و ئاماده‌ییی یه‌كێتیی ئه‌ورووپایشی بۆ زه‌مینه‌سازی له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا.



لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ به‌ڕێز بلێكوا خواست له‌ كار و ئه‌ركه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێش و دوای پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم، خویازیاری ئه‌وه‌ بووه‌ دیالۆگێكی جددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێت چونكه‌ هیچ گرفتێك به‌ گرژی و توندوتیژی چاره‌سه‌ر ناكرێت و تاكه‌ ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ر ته‌نیا دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌.

له‌ به‌رده‌وامیی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی دیكه‌ی جیهان ده‌توانن ڕۆلی ئه‌رێنی بۆ زه‌مینه‌سازیی دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بگێڕن، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه‌ خواستی خۆی ده‌ربڕیوه‌ و به‌ پێویستی زانی ئێستا بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێنه‌ سه‌ر ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ بدۆزرێته‌وه‌ و گرژی و ئاڵۆزییه‌كان وه‌لا بنرێن و ئارامیی ناوچه‌كه‌ بپارێزرێت.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا چه‌ندین ته‌وه‌ری دیكه‌ی په‌یوه‌یست به‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌وه‌‌، گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا.