حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 24 APR 2024 16:34 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پڕۆژه‌ى خزمه‌ت تاوتوێ ده‌كات

WED, 17 JAN 2018 18:19 | KRG Cabinet

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/1/2018 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبوووه‌.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى باسى له‌ گفتوگۆ ته‌كنیكییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند لێژنه‌یه‌كى حكوومیى هه‌رێمى كوردستان و عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كان، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، به‌نداوه‌كان، نه‌وت و مووچه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت و ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌مى دا، هیوایشى خواست زوو بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رى كۆتایى بۆ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ.

به‌ڕێزیان باسى له‌ په‌یوه‌ندیى ته‌له‌فۆنیى دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌رى نێوان خۆیان و به‌ڕێز ڕیكس تیله‌رسن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكاى كرد كه‌ تیایدا گفتوگۆى لیژنه‌ حكوومییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ، پرۆسه‌ى چاكسازى و شه‌فافیه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، هه‌وڵدان بۆ نوێنكردنه‌وه‌ى یارمه‌تییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ تاوتوێ كرا و به‌ڕێز تیله‌رسن پشتگیریى ئه‌مه‌ریكاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تێكى به‌هێز له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كردووه‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها باسى له‌ دوا سه‌ردانى خۆیان بۆ ڤاتیكان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسیس كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ قه‌داسه‌تى پاپا پشتگیریى خۆى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕیوه‌ و ئاماده‌یى نیشان داوه‌ كه‌ له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ بدات.

ئینجا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان مه‌ولوود باوه‌ موراد وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌ وه‌كاله‌ت، ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و كه‌ریم شه‌نگالى وه‌زیرى ناوخۆ، پو‌خته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوویان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ پێشكه‌ش كرد و ڕوونیان كرده‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان‌ له‌ كه‌شێكى ئه‌رێنیدا به‌ڕێوه‌ چوون و هیواخوازن له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا، ده‌ره‌نجامه‌ ئه‌رێنییه‌كانى ئه‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ ده‌ركه‌ون و ڕێگه‌ بۆ ده‌سپێكردنى دانوستان و چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا خۆش بكه‌ن.

پاشان به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ چوارچێوه‌ى پلانى چاكسازیى حكوومه‌تدا ڕاپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ى خزمه‌ت خسته‌ ڕوو و ڕایگه‌یاند‌ حكوومه‌ت ده‌بێت به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ته‌كانى خۆى به‌ هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت، بۆیه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ حكوومه‌ت له‌و ڕووه‌وه‌ ڕێكده‌خات و هاووڵاتیانیش باشترین خزمه‌تیان پێشكه‌ش ده‌كرێت. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئامانج له‌ پڕۆژه‌ى خزمه‌ت باشتركردنى ئاستى خزمه‌ته‌كان بۆ هاوو‌ڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتینه‌ له‌ دامودوزگا حكوومییه‌كاندا.

به‌ڕێزیان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد حكوومه‌ت پێداچوونه‌وه‌ى به‌ سه‌ر‌جه‌م خزمه‌ته‌كاندا كردووه‌ كه‌ ژماره‌یان  زیاتر له‌ (442) خزمه‌تى تایبه‌ت‌ به‌ هاووڵاتیان و (279) جۆر خزمه‌تى گشتییه‌. هه‌روه‌ها ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌ت مه‌به‌ستیه‌تى به‌م پڕۆژه‌یه‌ سیسته‌مى یه‌كپه‌نجه‌ره‌یى په‌یڕه‌و بكات بۆ ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیان، به‌شێكیش له‌م خزمه‌تانه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئینته‌رنێته‌وه‌ پێشكه‌ش بكرێن.

پرۆژه‌كه‌ ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ته‌كان كرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى مانگێكدا له‌پێناو ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و باشتركردنیدا، دید و سه‌رنج و تێبینیى خۆیان له‌سه‌ر بده‌ن و دواى ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌سه‌ند ده‌كرێت، بخرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا به‌ڕێزان وه‌زیرانى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان كه‌ دوێنێ بڕیارى كشانه‌وه‌یان له‌ حكوومه‌ت دا، سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌ندامانى كابینه‌ى حكوومه‌ت نیشان دا بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ى كه‌ پێكه‌وه‌ كاریان و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى كاركردنیاندا هه‌موو پشتگیرییه‌كى سه‌رۆكاتیى حكوومه‌تیان بۆ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌رك و كاره‌كانیان هه‌بووه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، وێڕاى سوپاسكردنى وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كانى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان كه‌ كار و ئه‌ركه‌كانیان به‌ باشى ڕاپه‌ڕاندووه‌، نیگه‌ر‌انیى خۆى و حكوومه‌تى بۆ بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت نیشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ كاتێكى گونجاودا نه‌بووه‌ و له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و خۆیاندا نییه‌.