حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 12:20 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌

FRI, 16 FEB 2018 22:41 | KRG Cabinet

دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16/2/2018ى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى ڕاوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌گه‌ڵ خاتوو ئورسولا ڤۆن دێر لاین وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا بوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو ئورسولا وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵى به‌ دیداره‌كه‌ و به‌ دوایین سه‌ردانى بۆ به‌غدا و هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى سه‌ربازانى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، خۆشحاڵیشى به‌ ده‌سپێكردنى دیالۆگ و سه‌ردان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشان دا و ستایشى ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و هاوكارییان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌ڵمانییه‌كان له‌ كوردستان كرد و له‌ دوایین پێشهاته‌كانى دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غداى پرسى.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین هه‌نگاو و پێشهاته‌كانى دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له‌ هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراق چاره‌سه‌ر بكات. هه‌روها سوپاسى ڕۆڵى ئه‌ڵمانیا و پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى بۆ پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتى شه‌ڕى دژى تیرۆردا كرد، دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ولێر و هاوكارییه‌كانى ئێستاى ئه‌ڵمانیایشى بۆ بیناكردنى تواناكان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رز نرخاند.

له‌ كۆوبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیى به‌رده‌وامیى پشتگیرى و هاوكارییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرایه‌وه‌ و دۆخى ئێستاى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر بایه‌خدانى ئه‌ڵمانیا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى تیرۆر به‌ به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ ئێستا و داهاتوودا.