له چواره‌م كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌كه‌می كۆنفرانسی ئاسایشی میوشندا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 16/2/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز ڕۆدهریش كیسڤێته ئه‌ندامى لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ـ نوێنه‌رى تایبه‌ت بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان تیشكیان خسته‌ر سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و پارته سیاسییه‌كان و ئه‌ركی هێزه مهشقكارهكانى ئه‌ڵمانیا له هه‌رێمی كوردستان كه مه‌شق و ڕاهێنان به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پرسیاریان ده‌رباره‌ی دۆخى ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان كرد.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و گه‌لی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ پشتگیری و هاوكاریی به‌رده‌وامیان بۆ هه‌رێمی كوردستان له بواری مرۆیی و سه‌ربازی و سیاسی‌دا، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی دۆخى ئێستا، پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به ڕه‌وشی ئاواره‌كان و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆریان بۆ زێدی خۆیان كرد، كه به‌هۆی نه‌بوونی ئاسایش و ئارامییه‌وه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه.
تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ناوچه‌كه، ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا ده‌رباره‌ی كاری له‌پێشینه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان، گرنگیی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی له پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دووپاتكردنهوی دۆستایه‌تیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیا، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.