حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 17:55 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی داواى به‌رده‌وامیى هاوكارییه‌كانى هۆڵه‌ندا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

TUE, 18 DEC 2018 11:54 | KRG Cabinet

دوای کۆبوونەوەی نێوان به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ستێف بلۆك وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، لە لێدوانیكى ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا باسیان له‌ ناوه‌ڕۆكی كرد.

سه‌ره‌تا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا نیشان دا کە لە ئاستێکی باشدایە، هه‌روه‌ها ئاماژەی بە چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی پێشتری لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و سەردانی بەڕێزیان بۆ کوردستان کرد و لەو ڕووەوە سوپاسی هاوکاری و هاریکاریی هۆڵەندای کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش و هەروەها بوونی هێزەکانیان لە کوردستان بۆ مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە.

بەڕێزیان سوپاسی هاوکارییەکانی حکوومەت و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هۆڵەندای کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، چ ڕاستەوخۆ، یان لە ڕێگەی یەکێتیی ئەورووپاوە و داوای لە هۆڵەندا کرد لە سێکتەری خۆراک و کشتوکاڵدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات کە لەم بوارەدا خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە.

دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "باسمان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە کابینەی ئێستای حکوومەتدا پەیوەندییەکان زیاتر بەرەوپێشەوە بچن".

تاوتوێکردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌ی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی بوو و له‌مباره‌یه‌وه‌ بەڕێزیان جەختی لەسەر گرنگیی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان کردەوە لەپێناو هەماهەنگیی زیاتر بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و خوێندندا، هەروەها سوپاسی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتەی لە هەولێر کرد بۆ ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکان هەیانە کە ڕۆڵیان لە پێشخستنی پەیوەندیی دووقۆڵیدا هەبووە.

بەڕێز سەرۆک وەزیران خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەوەی کە هۆڵەندا لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیدا عێراق و هەرێمی کوردستانی لە پێشینە داناوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆ ئەو مەبەستە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا سیمینارێک لە هۆڵەندا ساز دەکەن.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ تەوەرێکی دیکەدا گوتی: "لە دیدارەکەماندا باسمان لە پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە بەتایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی کرد".

لە کۆتاییی وتەکانیدا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بەخێرهاتنی بەڕێز وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداى بۆ هەولێر کرد و هیوای خواست سەردانەکەی پڕ دەستکەوت بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ بەڕێز ستێف بلۆک وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا له‌ لێدوانه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سوپاسی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداری و کۆبوونەوەی نێوانیان و پەیوەندییەکانی هەردوولای بە پتەو وەسف کرد و گوتی: "هۆڵەندا یەکەم وڵاتی ئەورووپی بووە په‌نابه‌ره‌ کوردەکانی وەرگرتووە کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە سێ هەزار پەنابەر". ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە داهاتوودا لە وەزارەتی دەرەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەن لە بوارەکانی سەقامگیری و ئابووری و کۆچدا، هیوایشی خواست بتوانن لە داهاتوودا پەیوەندییەکی پتەوی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.

به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمێكی به‌هێزی كوردستان لەناو عێراقێکی بەهێزدا دووپات کردەوە و لەو بارەیەوە ئاماژەی بە بەردەوامیی هەماهەنگی لە سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەشی هەولێر کرد و جەختی لەسەر گرنگیی پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.

بەڕێزیان سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی ئاوارە و پێكهاته‌کان لەشەڕی داعش و ڕێزگرتن لێیان کە جێگای گرنگیی هەردوولایە، ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕاهێنەرەکانیان بەردەوام دەبن لە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە.

به‌ڕێزیان هیوای خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت کە خواستی گەورەی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەتر. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی ئەوە بوو کە لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەهێزتر و پتەوتر بن و بەهێزتربوونی هەرێمی کوردستانی بە خواستی وڵاتەکەی دانا. ئەوەشی خستەڕوو لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە کۆمەڵێک پرس کرد کە تایبەتن بە داهاتووی حکوومەتی عێراقه‌وه‌.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان