لەمیانی سەردانەکەی بۆ بەغدای پایتەخت بەمەبەستی بەشداری کردن لە دیداری سەرکردەکانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یهكشهممه ٣/٢/2019 بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وهزیرانی ههرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز عادل عبدولمهھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوه.
لە کۆبونەوەکەدا گفتووگۆ دهربارهی ڕەوشی ھەنووکەیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبونەوەی ئەگەر و ڕووداو و پێشھاتە سیاسیەکان، كرا.
ھەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەڕێی دیالۆگ بە پابەندبوون بە دەستوری عێراق لەپێناو بەرپاکردنی ئارامیی سیاسی و بەدیھێنانی ئامانج و بەرژەوەندییە گشتییەکان.
ھەروەھا لە کۆبونەوەکەدا، جەختکرایەوە لە گرنگی بوونی ھەماھەنگیی زیاتر و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ھەمان ڕۆحیەت و نەھجی خوالێخۆشبوو بەڕێز مام جەلال.
سەردانەکەی، بەڕێز قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا لەسەر بانگهێشتی ناوەندی ڕافیدەینە بۆ دیالۆگ، بەمەبەستی بەشدارییکردن لەدیداری ڕافیدەینی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2019 کە بۆ یەکەمجارە لە بەغدا بە بەشداری سەرۆکایەتییەکانی عێراق و نوێنەری چەندین وڵات و ژمارەیەکی بەرچاو لە وەزیرەکان و پەرلەمانتاران و دەستەبژێری سیاسی و فیکری و ئەکادیمی ناوخۆ و بیانی ساز دەکرێت.