حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 APR 2024 23:46 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە جێگری وەزیری كشت و كاڵی چیك دەكات

TUE, 28 MAR 2017 17:53 | KRG Cabinet

 

ئەمڕۆ 2017/3/28 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بە ئامادەبوونی عبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم وسەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێم، پێشوازی لە جێری سێر جێگری وەزیری کشتوکاڵی چیک و وشاندى یاوەری كرد.


لە کۆبونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران بەوردی باسی لە ڕەوشی حکومەتی هەرێم کرد بەتایبەتی پلان و هەنگاوەکانی بۆ برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی دیكەی داهات و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە چاکسازیەکان، و کەرتی کشتوکاڵیش بەدەر نیە لەو چاکسازیانە بەمەبەستی بەرەوپێشچونی.


ئاماژەی بەوەش كرد پرۆسه‌ی‌ به‌دناوی‌ ئه‌نفال‌و ڕاگواستنی‌ گونده‌كان زه‌بری‌ گه‌وره‌ی له کەرتی‌ كشتوكاڵ دا، هەروەها بڕیاری‌ نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌خۆراكی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئەو کەرتەی تووشی‌ داڕمان كرد، بۆیە لە ئێستادا دەبێت ئاسەواری هۆکارەکان بنبڕ بکەین و گرنگی بەو کەرتە بدەین.


دووپاتیشیكردەوە لەم قه‌یرانە‌ داراییە‌‌ی کە ڕووی لە كوردستان كرد، دەرکەوت کە دەبێت لەمەولا، نەک تەنیا بە دروشم، بەڵکو بە کردار ، کەرتی کشتوکاڵ بکەینەوە بە ئەولەویەتمان، بەڵام دەبێت چۆن گرنگی بە بەرقەرار بوونی ئاسایش دەدەین، بەهەمان شێوە دەبێت گرنگی بە ئاسایشی خۆراک بدەین".


سەبارەت بە چاکسازیەکان لە کەرتی کشتوکاڵ جەختی کردەوە کە چۆن چاکسازی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە وەزارەتی کارەبا، لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئه‌نجام دەدرێت، بەهەمان شێوە چاکسازی و رێکخستنەوە لە کەرتی کشتوکاڵیش دەکەین، و بەردەوام دەبین لە پاراستنی بەروبومی خۆماڵی.


بە پێویستیشی زانی سەرچاوەی داهاتی دارایی هەرێم فراوان تر بکەین و پشت نەبەستین تەنها بە داهاتی نەوت، کەرتی کشتوکاڵیش یەکێک دەبێت لەو فاکتەرانەی زیادکردنی داهات.
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی ئەو هەماهەنگییەی وڵاتی چیکی کرد کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە و داوای لێکردن بەردەوام بن و فراوانتر بکرێن بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی هەردوولا.


دواتر وەزیری کشتوکاڵ ستایشی سەردانەکەی شاندی چیکی کرد و داوای لێکردن ئەو جۆرە سەردانانە بەردەوامییان هەبێت بە مەبەستی هاوکاری و هەماهەنگی لە کەرتی کشتوکاڵ. هەرەوها داوای لێکردن کە زانکۆکانی وڵاتی چیک پشک لە کورسی خوێندن بۆ قوتابی و خوێندكارانی هەرێمی کوردستان دابین بکەن بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە لەو بوارەدا.
باسیشی لە هەنگاوەکانی وەزارەت کرد بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و تا چ ئاستێک کاریگەرییان هەبوو.


لای خۆیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی چیکی کرد کە بەردەوام هاوکار بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئامادەش بووە بۆ پتەو کردنی پەیوەندییەکان.


سێر جێگری وەزیری کشتوکاڵی چیک ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ بەرەوپێشچونی کەرتی کشتوکاڵ و ئامادەییشی دەربڕی بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک لەو بوارەدا. و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد حکومەتی هەرێم بەتوانا و بوێرە لە بڕیاردان سەبارەت بە چاکسازیەکان و پلانی دەرباز بوون لە گرفتەکان و ئێمەش ئامادەیین بۆ هەموو هاوکارییەک.