حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 03:26 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بڕیار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ ده‌دات

MON, 14 AUG 2017 15:16 | KRG Cabinet


پێشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 14/8/2017، ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر، کۆبووه‌وه‌.

 

تیایدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە چۆنیەتیی پەرەپێدانی وەبەرهێنان بەگشتی و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ بەتایبەتى لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و پلان و میکانیزم بۆ کارئاسانیی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی خزمەت بە هاووڵاتیان و کەرتی تایبەت ده‌كه‌ن، داڕێژرا.

 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خاتوو نەورۆز مەولوود و به‌ڕێز نووری عوسمان سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەوەکالەت، زیاتر لە 20 خاڵی گرنگیان خستە ڕوو بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەریان کە زۆربەیان ئەنجامدانی پڕۆژەی پیشەسازی و خزمەتگوزاریی گشتی بوون. پاش هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنی میکانیزمی جێبەجێکردنیان، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی زۆرینەیان درا.

 

لە کۆبونەوەکەدا جەخت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ کە حکوومەتی هەرێم ئاماداسازی بكات بۆ ئەوەی ئاسانکاریی تەواو بکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابینكردنى ڕەوشێکی گونجاو لەپێناو پێشخستنی پیشەسازی لە هەرێم و کردنەوەی کارگە پیشەسازییەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت پێداویستیی هاووڵاتیان لە ناوخۆی کوردستاندا دابین بکرێت.

 

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دەبێت گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان بە شێوەیەکی گشتی بدرێت، بۆ ئەوەی داهاته‌كان هەمەجۆر بێت و تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت، بۆیە ئێستا بووژاندنەوەی ئەو کەرتانە لە پێشەنگی کارەکانى حكوومه‌تدا ده‌بێت.

 

لاى خۆیه‌وه‌ بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند" لە چوارچیوەی چاکسازیەکانی حکوومەتدا، ژماریەک ڕێنماییی گرنگ گەڵال كراون و ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان بەمەبەستی باشترکردن و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەت بتوانن باشترین خزمەت بە هاووڵاتیان بگەیەنین و ئابووریی کوردستانیش ببوژێنینەوە". هەر لەو ڕوانگەیەوە گوتی "دەبێت ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت، بە هاوکاریی حکوومەت، ئەو کەموکورتیانەی کە ماون بەزوترین کات دیاری بکرێن و چارەسەری یاسایی و گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت."

 

له‌ کۆبونەوەدا بڕیار درا بە زوترین کات ڕێنمایی و ڕاسپارده‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوانەشی كه‌ هێشتا په‌سه‌ند نه‌كراون، بڕیاردان لەسەریان لە داهاتویەکی نزیکدا و له‌پێناو گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە دیراسە بکرێن.