له دوا دیداری دوا ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میوشندا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه ١٨/٢/٢٠١٨ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ستیڤان دیمستۆرا نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سووریا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ڕه‌وشی ئاڵۆزی سووریا و دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و ڕێگه‌چاره‌ی كێشه‌كان به شێوه‌ی ئاشتی، قۆناغی ئێستای كێشه‌كانی سووریا و كۆبوونه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ گه‌لی سووریا به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه، باس كرا.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بوون كه پێویسته كێشه‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و به‌تایبه‌ت له سووریا، به ئاشتی چاره‌سه‌ر بكرێن و مافی هه‌موو گه‌لانی سووریا و گه‌لی كوردیش وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی ئه‌و وڵاته دابین بكرێت.
تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به سووریا به‌تایبه‌ت شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی عه‌فرین و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل له ناوچه‌كه و خۆدوورخستنه‌وه له توندوتیژی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو که به‌ڕێزان د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تێیدا ئاماده بوون.