حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 23 APR 2024 18:30 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی: كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كرێن

SUN, 18 FEB 2018 20:56 | KRG Cabinet

دوای كۆبوونه‌وه‌كانی سێیه‌م و دوا ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی میدیاییی كوردستان باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی سێ ڕۆژی ڕابردوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی جیاوازی جیهان و ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد.

سه‌ره‌تا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌م سێ ڕۆژه‌دا و گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌ڕێزیان گوتی "كۆنفرانسی میونشن ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین كۆمه‌ڵێك دیدار لێره‌ ئه‌نجام بده‌ین. له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك دیدارمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ماك ماسته‌ر ڕاوێژكاری ئاسایشی ئه‌مه‌ریكا، وه‌زیری به‌رگریی سوید و ئه‌ڵمانیا و كۆمه‌ڵێك له‌م وڵاتانه ئه‌نجام دا‌. وه‌ك گوتم كۆنفرانسی میونشن ده‌رفه‌تێكه‌ بتوانین به‌ ئاسانی یه‌كتری ببینین و قسه‌ و گفتوگۆكان ئه‌نجام بده‌ین. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نییه‌ كه‌ بڵێین گه‌یشتووینه‌ته‌ چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كان، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا ده‌رگای گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراوه‌یه‌ و بڕیار وایه‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام بێت تاكو به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ بتوانین به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ له‌ ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه،‌ وه‌ك پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆران و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین تاكو له‌گه‌ڵیان بگه‌ین به‌ ئه‌نجام".

ده‌رباه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و باسانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ هه‌مانبوو، له‌گه‌ڵ ئێرانیش وه‌ك دراوسێیه‌كی ئێمه‌ باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولامان كرد. وا بڕیار بوو له‌ تاران یه‌كتر ببینین، به‌ڵام له‌وێ ده‌رفه‌ت نه‌بوو، بۆیه‌ هه‌ر له‌وێ بڕیارماندا له‌ میونشن یه‌كتری ببینین".

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جۆ بایدن جێگری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند "به‌ڕێز جۆ بایدن ئێستا هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی نییه‌ له‌ناو حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا، دیدارمان له‌گه‌ڵ جۆ بایدن وه‌ك دۆستێكی گه‌لی كورد بوو كه‌ ده‌خوازن كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها خۆیشی نفووزی هه‌یه‌ له‌ناو پارتی دیموكراتی ئه‌مه‌ریكا. ئێمه‌ بارودۆخه‌كه‌مان بۆ شیرۆڤه‌ كرد و ئه‌ویش به‌ڵێنی دا له‌ناو پارتی دیموكراتی ئه‌مه‌ریكا ئه‌م كێشانه‌ باس بكات و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی ده‌دات و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یشى خۆی لێ بێده‌نگ ده‌كات و ئایا هه‌رێمی كوردستان كارتی فشاری هه‌یه‌؟‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "كێشه‌ی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا به‌ كارتی فشار چاره‌سه‌ر نابێت، پێویسته‌ كێشه‌كانی نێوانمان به‌پێی ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن و ده‌ستووری عێراق ڕێگه‌چاره‌ی كێشه‌كانی داناوه‌ و هیوادارین ئه‌و كێشانه‌ی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا كه‌ گه‌لانی عێراق ده‌نگیان بۆ داوه‌، چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێنه‌وه‌. ئێمه‌ تا ئێستاش به‌و هیوایه‌ین كه‌ ده‌توانین چاره‌سه‌ره‌كان بدۆزینه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ دۆخى عه‌فرینیش ، به‌ڕێزیان گوتی "بابه‌تی عه‌فرین بابه‌تێكی ئاڵۆزه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌نه‌وه‌ هه‌یه، له‌وانه‌ ئه‌مه‌ریكا، ڕووسیا، توركیا و ئێران‌ و ئه‌م پرسه‌مان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دیمستۆرا باس كرد و هیوادارین چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م پرسه‌ بدۆزرێته‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكی عه‌فرین له‌و پرسه‌دا زیان نه‌بینێت".

ده‌رباره‌ی به‌رده‌وامیى كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌رنه‌كردنیان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بن نه‌توانرێ چاره‌سه‌ر بكرێن و ده‌توانرێ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا بێته‌ پێشه‌وه‌. هه‌رێمی كوردستان زۆر جار دووپاتی كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ كێشه‌كانی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكات و له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یشی به‌رده‌وام ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌ڕێزیان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان پێش و دوای كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و كاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند "كاری ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێشوو و ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كه‌ین دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆبوونه‌وه‌ و دیدار ده‌كه‌ین. كۆنفرانسی مونشن و كۆنفرانسی داڤۆسیش ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و بۆمبه‌سته‌ سیاسییه‌ ده‌ربچێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌مڕۆ خۆشبه‌خاته‌ ده‌یبینین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی، هه‌رێمی كوردستان له‌و حاڵه‌ته‌ی بۆمبه‌ستی دوای ڕیفراندۆم ده‌رچووه‌ و وڵاتان هه‌ر وه‌كو جاران خوازیاری ئه‌وه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت. پێموایه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆر زۆر گرنگ بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له‌ناو عێراقدا و ئێستا په‌یوه‌ندیی باشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و هه‌رێمی. به‌شداریكردنمان له‌ كۆنفرانسی داڤۆس، كۆنفرانسی مونشن، سه‌ره‌دانی ئێمه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا، سه‌ردانمان بۆ لای قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان و بۆ فه‌ڕه‌نسا، ئه‌مانه‌ هه‌موو یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆڵی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ماوه‌ و ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه‌یه‌ بتوانین كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و كێشه‌كانی ناوخۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بێگومان له‌مه‌ودوا فۆكسمان له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌بێت".