حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 30 APR 2024 06:10 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی بۆ نوێنەرانی وڵاتانی جیهان: کورد هەمیشە ئاشتی خواز بووە و ڕۆڵێکی میانرەوی بینیوە لە عیراقی نوێدا

SUN, 9 APR 2017 20:36 | KRG Cabinet

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2017/4/9 لە هەولێر، فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم کوردستان کۆبونەوەیەکی گرنگی لە گەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان ڕێکخستبوو، بە مەبەستی خستنە رووی دوا پێشهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و پرسی ڕیفراندۆم بەتایبەت، هەروەها مەسەلەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.


لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، گوتی :  لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و پێش 14 ساڵ حزبی بەعسی دیکتاتۆر لەناو برا و لەوەکاتەدا ئێمەی گەلی کورد و گەلانی عیرا‌قیش بە گشتی چاوەڕێی ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆیان نەدەکرد لە ململانی و شەڕی تیرۆر و ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان، بەڵکو بەهیوایەکەوە دەمانڕوانیە داهاتوومان بەڵام بەداخەوە توشی چەندین گرفت و ناکۆکی بووین.


ئاماژەی بەوەشدا کە کورد هەمیشە ئاشتی خواز بووە و ڕۆڵێکی میانرەوی بینیوە لە عیراقی نوێدا، ئێستاش کە باس لە ڕیفراندۆم ومافی چارەی خۆنووسین دەکرێت وەک مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە، بێ ئەوەی زیان بە هیچ لایەک بگەیەنێت و تەنها مەبەست لێی گەڕانەوە بۆ ڕاوبۆچونی خەڵکی کوردستانە.


دواتر بەڕێز هوشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە وتووێژی لایەنە کوردستانیەکان کرد لەبارەی ڕیفراندۆمەوە گوتی :  یەکێتیی وپارتی لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان ئەم پرسەیان تاووتوێ کردووە،  مەبەست لەم پرسەش خۆدزینەوە نیە لەو قەیرانانەی روویان کردۆتە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەجددی دەمانەوێ بگەینە خەونی لەمێژنەی خۆمان، گوتیشی " پلانمان داڕشتوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەموو ئەگەرەکانیشمان خوێندۆتەوە، دەشزانین بێ لەمپەر نابێت بەڵام ئەمە مافی گەلەکەمانە و دەبێت بەدی بێت.

 

هەر لەو باریەوە، بەڕێز دکتۆر فواد حسێن باسی داو هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان کرد وەک ئامادەکاریەک بۆ ئەنجام دانی ڕیفراندۆم وتی " ئەم مەسەلەیە بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانیە و ئەخوازین بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان بەگشتی هاوکارمان بن بۆ ئەو مەبەستە". هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی هەرێمی کوردستان   بۆ بەغدا، دکتۆر فواد حسێن وتی " لە بەغدا چاویان بە بەرپرسە باڵاکانی عیراق کەوت و پرسی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک و ریفراندۆمیان لەگەڵ باسکردن.


لای خۆشیوە بەڕیز دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس گوتی : بۆ مەبەستی ڕیفراندۆم وەفدێکی سیاسی سەردانی بەغدای کردوە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ گفتوگۆی لەوبارەیەوە کردووە ئەوانیش ئامادەن بۆ ئەو جۆرە کۆبونەوانە .گوتیشی " مافی گەلی كوردستانە شێوازی چۆنییەتی ژیانی سیاسی و ئیداریی خۆی دیاری بكات لەڕێی ڕیفراندۆمەوە".
دواتر قونسڵ و نوێنەری وڵاتانی جیهانی پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان خستە روو سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و مەسەلەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم. 


لەکۆتایی کۆبونەوەکەش بەرێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم سوپاسی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی جیهانی کرد و داوی لێکردن هاوکاری گەلی کورستان بن لە پرسی ڕیفراندۆم بۆ بەدی هێنانی خەونی لە مێژینەی گەلەکەمان.