پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 30/7/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز ئه‌بو مه‌قسوود فورهاد باڵیۆزی به‌نگلادش له عیراق كرد.
له دیدارێكدا به‌ڕێز فورهاد خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و سڵاو و ڕێزی خاتوو شێخه حه‌سینه واجد سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادشی گه‌یانده به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رسامیی خۆی به پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی شاری هه‌ولێر نیشان دا، هه‌روه‌ها خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌و بوارانه‌دا كه له توانای بهنگلادشدایه، دووپات كرده‌وه.
پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی بارودۆخی ڕه‌وه‌ندی به‌نگلادشی له عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی پێشكه‌ش كرد و ئاشكرای كرد كه بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری ئه‌و كرێكاره بهنگلادشیانهی له بواره جیاوازه‌كاندا له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، هه‌وره‌ها بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا نیازیان هه‌یه نووسینگه‌یه‌كی سه‌ر به باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له هه‌ولێر بكه‌نه‌وه. سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد كه ده‌رفه‌تی كاریان به ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانی به‌نگلادشی داوه.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و سڵاو و ڕێزی خۆی به ڕێگه‌ی به‌ڕێز فورهاد بۆ خاتوو شێخه حه‌سینه واجد سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌نگلادش نارد و دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش خوازیاری پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ به‌نگلادش، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به مێژوو و قوربانیدانی گه‌لی به‌نگلادش كرد.
ده‌رباره‌ی ئه‌و كرێكاره بهنگلادشیانهی له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات بۆ به‌ڕێوه‌چوونی باشتری كاروباره‌كانیان و پێشنیاری دانانی میكانزمێكی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌نگلادشی له ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی به‌نگلادش له به‌غدا و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی نیازیان وایه له هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه حكوومییه‌كانی وڵاته‌كه‌یانه‌وه بێن له هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا چۆنیه‌تیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌نگلادشیان تاوتوێ كرد به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ده‌ستی كار و پیشه‌سازی و بونیاتنان و هه‌موو كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كان كه كرێكاره بهنگلادشیهكان كارامییهكی باشیان له‌و بواره‌دا له هه‌رێمی كوردستان و زۆرێك له وڵاتانی جیهان، نیشان داوه.