حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 28 APR 2024 13:46 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ڕاپۆرتى دیلۆیت ده‌رباره‌ى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان

TUE, 16 JAN 2018 21:05 | KRG Cabinet

وه‌ك پێشتر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ڵێنى دابوو، له‌پێناو دابینكردنى زیاترى شه‌فافیه‌ت له‌ ته‌واوى پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنان، هه‌نارده‌كردن، فرۆشتن و داهاتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى گشتگیرى وردبینیى سه‌رتاسه‌ریدا، یه‌كه‌م ڕاپۆرتى كۆمپانیاى وردبینیى نێوده‌وڵه‌تیى دیلۆیت بۆ ئه‌نجامى وردبینیى شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 بۆ ڕاى گشتیى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ده‌خرێته‌ ڕوو كه‌ مافى هاووڵاتیانه‌ ته‌واوى زانیارییان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌بێت.

ڕاپۆرته‌كه‌ ته‌واوى زانیارییه‌كان به‌ داتا و ژماره‌ى وردبینیكراو‌ له‌خۆ ده‌گرێت بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى 2017 كه‌ بڕى داهاتى به‌ده‌ستهاتوو دواى داشكاندنى خه‌رجییه‌كان بریتى بووه‌ له‌ (سێ ملیار و‌ سێ سه‌د و بیست و هه‌شت ملیۆن و دووسه‌د و یازده‌ هه‌زار و سه‌د و نۆزده‌) دۆلار، به‌ تێكڕاى نرخى (چل و یه‌ك) دۆلار و (بیست و نۆ) سه‌نت، بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى هه‌نارده‌كراو به‌ بۆرى، له‌ كاتێكدا تێكڕاى نرخى برێنت نزیكه‌ى (په‌نجا و یه‌ك) دۆلار و (حه‌فتا و یه‌ك) سه‌نت بووه‌.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (73) له‌ به‌روارى 3ى شوباتى 2016 و له‌به‌ر ڕۆشناییى یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێم و یاساى سندووقى كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی وگازییه‌كان، چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ پرۆسه‌یه‌كى شه‌فافدا و به‌پێى پێوه‌ره‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى، دواى بانگهێشتكردنى چوار كۆمپانیا جیهانییه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانى بوارى وردبینى، كۆتاییى ساڵى 2016 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گازه‌وه‌، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین دوو كۆمپانیاى جیهانیى (دیلۆیت) و (ئى واى) واژۆ كرا. به‌پێى هه‌ردوو گرێبه‌سته‌كه،‌ وردبینیى سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجى و پرۆسه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت به‌ چالاكییه‌كانى ساڵانى ڕابردووشه‌وه‌، بۆ داهاتووش به‌رده‌وام ده‌بێت.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات به‌ ئاراسته‌ى په‌ره‌پێدانى شه‌فافییه‌ت له‌ كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان. حكوومه‌ت پێشنیاره‌كانى كۆمپانیاى دیلۆیتى په‌سه‌ند كردووه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانى پرۆسه‌كه‌، نه‌هێشتنى كه‌موكورتییه‌كان و وه‌رگرتنى ڕێكارى پێویست بۆ جێبه‌جێكردنیان‌. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كارى له‌سه‌ر ڕاهێنانى ژمێریار و وردبینى دامه‌زراوه‌كانى چاودێریى دارایى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا كردووه‌ تاكو له‌ داهاتوودا سوود له‌ تواناكانیان وه‌ربگرێت.

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه‌یه‌كى گشتگیری پێداچوونه‌وه‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز و وردبینیكردنى ژماره‌ و داتاكانى نه‌وت و گاز له‌م شێوه‌یه‌ و به‌ به‌شداریى كۆمپانیایه‌كى دیار و باوه‌ڕپێكراوى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌نجام ده‌درێت. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕاپۆرتى وردبینیى شه‌ش مانگی دووه‌می ساڵی 2017 و ڕاپۆرتی وردبینى بۆ ساڵه‌كانی 2014 و 2015 و 2016ی داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان‌ بخرێته‌ به‌رده‌م ڕای گشتی كه‌ ئێستا دیلۆیت كارى له‌سه‌ر ده‌كات.

بۆ هه‌ر سه‌ره‌نج و تێبینى و پرسیارێك له‌سه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته‌ و ڕاپۆرته‌كانى داهاتووش، له‌ ده‌رفه‌تێكى نزیكدا میكانیزمێكى په‌یوه‌ندى ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت.
 

  1. ده‌توانن له‌م لینكه‌دا ده‌قى ڕاپۆرتى دیلۆیت به‌ ئیمزاكراوى و به‌ فۆرمى PDF سه‌باره‌ت به‌ وردبینیى هه‌نارده‌كردن، به‌كارهێنانى ناوخۆیى، داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى 2017  به‌ هه‌رسێ زمانى كوردى، عه‌ره‌بى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن.
     
  2. ده‌توانن له‌م لینكه‌دا به‌ فۆرمى PDF نامیلكه‌یه‌كى هاوپێچ به‌ هه‌ردو زمانى كوردى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن كه‌ (27) پرسیار و وه‌ڵامى له‌خۆ گرتووه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست و ئاسانكاریى تێگه‌یشتن له‌ بڕگه‌كانى ڕاپۆرتى دیلۆیت.
     
  3. له‌م لینكه‌دا به‌ فۆرمى PDF به‌ لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌توانن داتا و زانیارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ڕاپۆرتى دیلۆیت سه‌باره‌ت به‌ وردبینیى هه‌نارده‌كردن، به‌كارهێنانى ناوخۆیى، داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى تێكڕاى ڕۆژانه‌ى هه‌نارده‌كردن و نرخى به‌ده‌ستهاتوو له‌ فرۆشى یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ نرخى برێنت بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 به‌ هه‌رسێ زمانى كوردى، عه‌ره‌بى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن.




ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
16/1/2018