حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 29 APR 2024 12:42 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانى: سه‌ردانى به‌غدا سەرەتایەکی باشە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و چارەسەركردنی کێشه‌كان

MON, 22 JAN 2018 19:52 | KRG Cabinet

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی هەردوو سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمى كوردستانى بۆ بەغدا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، خستە ڕوو.

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، گوتی: "بە بۆچوونی ئێمە، ئەم سەردانە سەرەتایەکی باشە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و چارەسەری ئەو کێشانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا هەیە. لەم کۆبوونەوەیەدا بە شێوەیەکی گشتی باسی ئەو کێشانەمان کرد و لە چوارچێوەی ئەو لیژنانەی پیشتر دروست کراون و سەردانی بەغدایان کردووە و دوایی لە بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەو چوارچێوەیەدا داكۆكیمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکرێت. ئەمە هەم جەنابی سەرۆک وەزیران ئەم خواسته‌ى نیشان دا لە بەغدا و هەم ئێمە لە هەرێمی کوردستانیش داكۆكیمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەمانەوێ ئەم کێشانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکرێن."

سەبارەت بە دۆسیە باسکراوەکان لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە باسی مووچەمان لەگەڵ بەغدا کردووە، مەسەلەی نەوتمان باس کردووە، پرسی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانمان باس کردووە، ئەمانە هەموویان لیژنەیان بۆ دانراوە و جه‌خت کراوەتەوە کە ئەم لیژنانە کاری خۆیان دەکەن و ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبین بە هیوای ئەوەی بگەین بە چارەسەرێکی تەواو بۆ هەموو ئەو کێشانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە."

بەڕێز سەرۆک وەزیران هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: "لەسەر بانگهێشتی کۆماری ئیسلامی کە چووین بۆ ئێران، کۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ جەنابی سەرکۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەوەی گرنگە ئەوەیە جه‌خت کرایەوە لەسەر پەیوەندیی مێژووییی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و خواستى خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی پشتگیریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەگەر بتوانن ڕۆڵێک بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. هەروەها باسی ئەوەمان کرد کە چۆن بتوانین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا قەبارەکەی زیاتر بکەین لەوەی ئێستا هەیە. جه‌خت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێ ڕێکاری پێویست بگرینە بەر بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاری وەبەرهێنان لە هەردوولا زیاتر بکرێت و ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە بێت کە لەنێوان گەلی کوردستان و ئێراندا هەیە. ئێمە سوپاسیان دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە و هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی پەیوەندییەکی باشتر لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران."

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئاماژە بە نەبوونی هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کرانەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم، باسی لە مووچەی فەرمانبەران کرد و گوتی: "دوای ئەوەی ئەو کێشانە دروست بوو لەنێوان ئێمە، وەسفی ئەم سەفەرەمان کرد بە (دەستپێکردنێکی باش)، من خۆم پێم وایە دەستپێکردنێکی باشە، بە ئاراستەیەکی ڕاست دەڕۆین بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی کە هەیە، نەک تەنیا ئەم دوو وەزارەتە، ئێمە باسی وەزارەتەکانی دیكه‌مان کرد، بەڵام ئەوەی گرنگە با جارێک ئەم دوو وەزارەتە تەواو ببێت و مووچەکانیان دەست پێ بکرێت وەک مافێکی هەرێمی کوردستان، دوایی ئەوە هیوادارین ئەوانی دیكه‌ش جێبەجێ بکرێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکاریی ئێران بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوان هەردوولا، بەڕێز سەرۆک وەزیران داواکارییەکەی بە سروشتی دانا و ئاماژەی بەوە کرد "کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێی ئێمەیە و مەعقوول نییە هێزێکی چەکدار لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە ناو خاکی ئێران و كرده‌وه‌ى سەربازی لەناو خاکی ئێران ئەنجام بدات و بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوە تەوەقوعێکی زۆر بەجێیە، نەک کۆماری ئیسلامی، هەر وڵاتێکی دراوسێ دەبێ ئەو تەوەقوعەی هەبێ و ئێمەش دەبێ ئەو تەوەقوعە زۆر بە جددی وەربگرین و کاری لەسەر بکەین کە نابێ هەرێمی کوردستان بکەین بە مەیدانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی دراوسێکانمان. ئێمە داوا دەکەین ئەو هێز و لایەنانەش ڕێز لە یاساکانی هەرێمی کوردستان بگرن. هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا سەلماندوویەتی کە فاكته‌رى سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا لەگەڵ دراوسێکانی. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان نامانەوێ ئەوە تێکبچێت، دەمانەوێ بەردەوام بێت".

دەربارەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکاش، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەمه‌ریکا، پەیوەندییەکی باشە، پێش سەفەری ئێمە بۆ بەغدا، شاندێكمان به‌ڕێزان (برێت مەک گۆرک، باڵیۆز و کەسێکی دیكه‌یان کە ئێستا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەیە) هاتن بۆ هەولێر و باسی پەیوەندیی خۆمانمان کردووە و پەیوەندییەکانمان باشە."

بەڕێزیان لەسەر پرسی کرانەوەی فڕۆکەخانەکان دووپاتی کردەوە کە "چاوەڕێن هەندێ بابه‌تى تەکنیکی هەیە ئەوانە جیبەجێ بکرێت و هیوادارین بە زووترین کات بکرێتەوە."

سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت لە پەراوێزی کۆنفرانسی داهاتوو لە داڤۆس، بەڕێزیان ئاشکرای کرد کە "دیسانەوە لە داڤۆس کۆبوونەوەمان دەبێ لەگەڵ به‌ڕێز سەرۆک وەزیران، لەگەڵ به‌ڕێز وەزیری نەوتیش کۆبوونەوەمان دەبێ لە داڤۆس، ئەمەش بەردەوامیی ئەو کۆبوونەوانە دەبن کە لە بەغدا کردوومانە و تا گەیشتن بە چارەسەر بەردەوام دەبین."

لەسەر کۆبوونەوەکانی بەغدا و تاران کە ئایا واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لێکەوتەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بەر لەوەی سەفەری بەغدا بکەین، ئەوان لیژنەیان نارد بۆ ئێرە کە پێنج لیژنە بوون. ئێمە ڕێگەچارەی کێشەکانمان دەستنیشان کردبوو و کۆنووسەکانیش لەنێوان هەردوولامان ئیمزا کراون، بەڵام وەک ڕێککەوتنی گشتگیر، هیچ ڕێککەوتنێک نەبووە. لەگەڵ ئێرانیش هیچ ڕێککەوتنێکمان واژۆ نەکردووە، بەڵکوو دەستپێکردنی چاککردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەوان بووە و دەستپێکردنەکە زۆر باش بووە و هیوادارین زیاتریش ببێت."

بەڕێز سەرۆک وەزیران لە بارەی کار و بڕیاری لیژنە دروستکراوەکانه‌وه‌ ڕایگەیاند: "دەستووری عێراق بە ڕوونی ماف و ئەرکی ئێمەی دەستنیشان کردووە و بەغداش لەسەر مەسەلەی نەوت. ئێمە لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا دەمانەوێ کێشەکانی خۆمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین. پێمان وایە مەسەلەی چارەسەری نەوت دوو قۆناغە، قۆناغێک ئێستایە دەبێ بەپەلە چارەسەری بکەین، قۆناغێکیش درێژخایەنترە کە پێویست بە کۆبوونەوەی زیاتر دەکات. پێویست بە دانیشتنی جددی دەکات لەسەر ئەو مەسەلانەی کە لەم چەند ساڵەدا لە بوارى نەوتدا هاتووەتە پێش، ئەمانە هەموویان باس بکرێت و ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەو ڕێگەچارەیانە دەبێ بە شێوەیەک بێت کە هەم جێی ڕەزامەندیی بەغدا بن و هەم جێی ڕەزامەندیی هەولێریش بن، ئێمە ئاوا کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین."

سەبارەت بە کاریگەریی پەیوەندیی بازرگانیی هەرێم لەگەڵ ئێران لەسەر تورکیا، بەڕێز سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "هیچکام لەو وڵاتانە ئه‌لته‌رناتیڤى یەکتر نین. تورکیا و ئێران دوو دراوسێی گرنگی ئێمەن. هەرێمی کوردستان سیاسەتی ئەوەیە کە پەیوەندیی باش بێت لە چوارچێوەی عێراق لەگەڵ ئەم دوو وڵاتەدا. هەم دەیەوێ قەبارەی بازرگانیی تورکیا لە عێراق زیاتر بێت، هەم لە ئێرانیش زیاتر بێت، وەکو یەک".

دەربارەی پێشبینییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سەفەری ئێمە بۆ بەغدا لە ئەنجامی هەندێ تەلەفۆن بووە لەنێوان جەنابی سەرۆک وەزیران عەبادی و بەندە و دۆستانی هەردوولامان کە هەوڵی جددییان داوە بۆ ئەوەی ئەو دانیشتنە بکرێت لەنێوان ئێمەدا. پێم وایە هەر خودی سەفەر و دانیشتن لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران دەستپێکردنێکی باشە و دەمانەوێ هەر لێرە ڕانەوەستێت و بە شیوەیەک بێت کە ئەمە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەرێک بۆ هەموو ئەو کێشانە کە هەیە لەگەڵ بەغدا. ئێمە لەلای خۆمانەوە ئامادەین و هیوادارین ئەو کێشانە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بە پێویستیی پاراستنی سنوورەکان، بەڕێزیان ئەوەی دووپات کردەوە کە مەبەستی ئەوان لە بەزاندنی سنوورەکان، هێزە سەربازییەکانە نەک هێزی سیاسی، لەو ڕووەوە گوتی: "لە هەرێمی کوردستان و وەک سیاسەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانەوی بە ئارامى، بە ئاشته‌وایى، بە لێکتێگەیشتن بین لەگەڵ دراوسێکانمان. كێشه‌كانى کوردستان و عێراق ئەوەندە زۆرە کە نامانەوی کێشەی دیكه‌ش زیاد ببێت. ئێمە وەک پرەنسیپ دژی ئەوەین هیچ هێزێکی سەربازی لە وڵاتی ئێمەدا هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵێ ئەمە بۆ پەکەکەشە، ئەمە بۆ ئێرانیشە، بۆ هەردوولا."

لەسەر سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا کە بە پێچەوانەی سەردانەکانی پێشووی، نەهاتە هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست جارێکی دیکە بەڕێزیان سەردانی هەولێر بکات.

لە بەردەوامیی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕووداوەکانی عەفرین دوا و گوتی: "ئەو ڕووداوانەی کە لە عەفرین ڕوودەدەن جێی نیگەرانیی جددیی هەرێمی کوردستانە. هەرێمی کوردستان هیوادارە و داوا دەکات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و نیگەرانیی گەورەی ئێمە ئەو خه‌ڵكه‌ سڤیلایە کە لەناو شاری عەفریندان. هیوادارین ئەم مەسەلەیە بە گفتوگۆ و بە کەمترین زەرەر چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە."

سەبارەت بە پرسی کەرکووک بەوەی کە بە گوێرەی نووسینێکی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەغدا بەنیازە کەرکووک کە ناوچەیەکی جیناکۆکە، بخاتە سەر بەغدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "نامەوێ وەڵامی کۆمێنتێکی ئەو بدەمەوە چونکە نەمدیوە، بەڵام وەک پرەنسیپ، ماددەی (١٤٠) ماددەیەکی ڕوونی دەستوورییە و باس لە چۆنیەتیی چارەسەری ئەو شوێنانە دەکات کە پێی دەڵێن جێناکۆک، واتە ناوچەیەک کە نە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە تەواوی دەسەڵاتی بەسەر ئەو سنوورانە هەبێت، نە حکوومەتی فیدراڵیش دەتوانێ دەسەڵاتی تەواوی لەسەر هەبێت. ئێمە هەڵوێستی خۆمان دووپات دەکەینەوە و پێمان وایە بە جیبەجێکردنی ماددەیەکی دەستووری کە پێی دەڵێن ماددەی (١٤٠)ی دەستووری عێراق، باشترین چارەسەرە بۆ ئەو کێشانەی کە لەو ناوچانەدا هەن. ئەمەش یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە بە وردى لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران قسەمان لەسەری کردووە. هەم لەسەر ماددەی (١٤٠) و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی و هەم لەسەر ئەوەی کە ئەمە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سه‌قامگیرى و ئاسایش بۆ ئەو سنوورانە و بۆ ئەو خەڵکە. ئێمە پێشبینى ناکەین ئەم کێشانە بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر بکرێن، بەڵام هیوادارین بگەین بە ڕێککەوتنێک لەسەر نەخشەڕێگایەک کە لە ئەنجامدا چارەسەری ئەو کێشانە بێت کە جارێکی دیكه‌ سه‌قامگیرى و ئاسایش بە تەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی و هەموو پێکهاتەکانی. ئەوە داوای ئێمەیە و پێمان وایە دەبێ زۆر بە جددی هەوڵ بدرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە.

سەبارەت بە پرسی بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیش، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی هەموو عێراقە و پێویست بەوە دەکات ئەو دڵنیا بێت لەوەی پێکهاتەکانی عێراق، مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خۆیان وەربگرن، ئه‌مه‌ وه‌ك پره‌نسیپ. دووەم، ڕوونە، به‌شى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى عێراق ١٧ لەسەدە، ١٤ لەسەدە، ١٣ لەسەدە، هەرچەندە، لە (ئای.ئێم.ئێف) جێگیر کراوە. لە دانوستانی (ئای.ئێم.ئێف) لەگەڵ عێراق جێگیر کراوە کە دەبێ چەند بدرێت بە هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا دەکات ئەوە جێبەجێ بکرێت و ئەو ماف و شایستە داراییانە کە هەیە لەوێ جێگیر کراوە. جا ئەوە دەبێته‌ چەند لەسەد ئه‌وه‌ بابه‌تێكى دیكه‌یه‌، بەڵام پێم وایە ئەوەی (ئای.ئێم.ئێف) گرنگترین بەڵگەیە بۆ هەرێمی کوردستان و بەغدا کە جێبەجێ بکرێت.